داوایه‌کی ره‌وا و تکایه‌کی عاجزانه
قادرئه‌لیاسی
ئۆسلۆ،23/1/2008
خوشک و برایانی به‌ڕێز!
خوێنه‌رانی هێژای ئه‌م چه‌ند دێڕه!
سڵاو!
هه‌ر وه‌ک ئاگادارن، دوای 5 ساڵ بێده‌نگی به‌رهه‌مێکی CD م به ناوی (میلکان) له به‌رنامه‌کانی 26 ی سه‌رماوه‌ز(رۆژی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان) و سه‌ری ساڵی زایینی2008 ، خسته به‌ر ده‌ستی ئێوه‌ی به‌ڕێز که پێکهاتووه له کۆمه‌ڵێک گۆرانی( مقام و به‌سته).
من و ئه‌و که‌سانه‌ی کاری هونه‌ری ده‌که‌ین، ئه‌گه‌ر ده‌ست و باڵی ئابووری مان ته‌نگ نه‌بێ، توانایی بڵاوکردنه‌وه‌ی لانیکه‌م ساڵی یه‌ک به‌رهه‌ممان هه‌یه. که‌وابوو، ئه‌وه‌ی وای کردووه به 5 ساڵ و زیاتر به‌رهه‌مێک بڵاوکه‌ینه‌وه، ده‌ست کورتی یه. ئه‌م ده‌ست کورتی یه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌کڕینی به‌رهه‌مه‌کان له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه.
له لایه‌ک پێشوازی ناکه‌ن له کڕینی به‌رهه‌مه‌که، به‌ڵام له لایه‌کی دیکه به بی ئاگاداری ئێمه، له ماڵپه‌ڕه بێ ده‌رگاکانی خۆیان دایده‌نێن و رێگا به خه‌ڵک ده‌ده‌ن به‌خۆڕایی کۆپی لێهه‌ڵگرنه‌وه. کاکی برا! خاوه‌نی ماڵپه‌ڕی ....!
تۆ به چ هه‌قێک به‌رهه‌می من له پێش چاوم و به رۆژی رووناک ده‌دزی؟
گوایه نازانی تۆ به‌و کاره‌ت وێڕای تاڵان کردنی به‌رهه‌مه‌که‌ی من، وام لێده‌که‌ی تا 10 ساڵی دیکه‌ش نه‌یه‌مه‌وه سه‌ر خۆم؟
ئێوه که ئه‌و کاره قیزه‌ونه ده‌که‌ن ده‌بێ بزانن، ئه‌و به‌رهه‌مه مافه‌که‌ی پارێزراوه بۆ من و منیش ده‌توانم له رێگای تۆمارگای Stim ه‌وه بتانده‌مه دادگا. به‌ڵام من تا رۆژگاری ئه‌وڕۆ، نه ته‌نیا په‌نام نه‌بردۆته به‌ر هیچ دادگه‌یه‌ک، به‌ڵكوو به چه‌کی هونه‌ر و پێشمه‌رگایه‌تی له گه‌له‌که‌م و داواره‌واکه‌ی داکۆکیم کردووه. ئێسته‌ش له ئێوه و له‌و که‌سانه‌ی ئه‌م نووسراوه‌یه ده‌خوێننه‌وه، داواکارم و لێتان ده‌پاڕێمه‌وه، ده‌ست له کۆپی کردن و تاڵان کردنی به‌رهه‌می هونه‌ریی هونه‌رمه‌ندان هه‌ڵبگرن.
هه‌ر که‌س ده‌یهه‌وێ CD ی میلکانی هه‌بێ و ئاماده نییه بیکڕێ، ئادره‌سه‌که‌ی بنێرێ. شه‌رت بێ ته‌نیا پاره‌ی پۆسته‌که‌ی لێبستێنم و به‌س.
ئه‌وه‌ش ناو و نیشانی من:qadir.elyasi@gmail.com.E-mail
"هه‌ر که‌سێ که‌سه، حه‌رفێکی به‌سه". هیوادارم ئه‌وانه‌ی تا ئێستا ئه‌وکاره ناحه‌زه‌یان کردووه، وازبێنن. داواکارم له خه‌ڵکی کوردی ره‌وه‌ندی ده‌ره‌وه‌ی وڵات یارمه‌تی مان بده‌ن و به گه‌نج و که‌س و کاریان به گشتی و به‌و که‌سانه‌ی خاوه‌نی ماڵپه‌ڕن، رابگه‌یه‌نن که ده‌ست له‌و کرداره دزێوه هه‌ڵبگرن.
منیش وه‌ک هێمنی نه‌مر فه‌رموویه‌تی:
هه‌تا دوژمن نه‌گه‌وزێنێ ده خوێنم ده‌خوێنم، هه‌ر بۆ گه‌لی خۆم ده‌خوێنم
به‌ڵێنی ده‌ده‌م، هه‌تا ده‌نگم هه‌بێ و گوڕ و تینم تێدابێ بۆ ئێوه‌ی خۆشه‌ویست بخوێنم، چوونکه بوونی من و ده‌نگبێژانی دیکه‌ی وه‌ک من گرێ دراوه به بوونی ئێوه‌ی هێژاوه!
ده‌ی بزانم چ ده‌که‌ن!؟
قادرئه‌لیاسی
Date: 24 Jan 2008 Views: 155
Print